ئەرک و دیدگا

ئەرک
لە ڕێکخراوی هەسار، باوەڕمان وایە کارکردن لەگەڵ گەنجان و برەودان بە تواناکانیان کلیلی بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیرە. ئێمە دەتوانین هانی نەوەی داهاتوو بدەین و پشتگیریان بکەین لە ڕێگەی گرنگیدان بە دەستپێشخەرییەکانی گەنجانی خاوەنتوانا لەپێناو ئەنجامدانی کاری گرنگ لەبواری ژینگە و کەشوهەوادا. ئەرکی ئێمە هاندانی کۆمەڵگایە بۆ گرنگیدان بە ئەم دیدگایە، وە هەروەها پێکەوە لەگەڵ گەنجاندا کاربکەن بۆ بنیاتنانی جیهانێکی باشتر و لەبارتر بۆ هەمووان.

دیدگا
لە ڕێکخراوی هەسار، دیدگای ئێمە دروستکردنی جیهانێکە کە تیایدا دارستانە سروشتییەکان زۆر بەباشی گەشە بکەن، سەرچاوە ئاوییەکان زۆر بن، کۆمەڵگاکان خۆڕاگر بن بەرامبەر بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. ئێمە پێمان وایە بە پێکەوەکارکردن و گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی بەردەوام و بێوچان، دەتوانین داهاتوویەکی وەها لەبار بنیات بنێین کە مرۆڤایەتی و سروشت پێکەوە هەڵبکەن. ئەرکی ئێمە هاندان و بەرەوپێشبردنی تواناکانی نەوەی داهاتووە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی بوێرانە و یەکلاکەرەوە بۆ گەیشتن بەم دیدە. ئێمە پێمان وایە بە پابەندبوون و داهێنەری و هاوکاری، دەتوانین داهاتوویەکی لەبار و سەقامگیر بۆ هەمووان فەراهەم بکەین.

ڕێکخراوی هەسار پێنج ئامانجی سەرەکی هەیە

١

پەرەپێدانی ڕێبازێکی ئەکادیمی بۆ پرسە ژینگەییەکان

ئەو ئاڵنگارییە ژینگەییانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبنەوە، وا دەخوازن قۆڵی لێ هەڵماڵین و بە قووڵی و چڕی هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرییان بۆ بدەین. لە ڕێکخراوی هەسار، ئێمە باوەڕی تەواومان بەوەیە کە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی وردودرشت زۆر گرنگن و هەروەها بنچینەیەکن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە ژینگەییەکان. هەر ئەوەشە وامان لێ دەکات ئامانجی یەکەممان پێشخستنی توێژینەوە ئەکادیمییەکان بێت دەربارەی پرسە ژینگەییەکان، وە هەروەها دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ بەستنەوەی توێژینەوە ئەکادیمییەکان بە دنیای دەرەوە. پێکەوە و دەست‌لەناو‌دەست، دەتوانین پەی بە چارەسەری داهێنەرانە ببەین کە یارمەتیدەرمان بن بۆ پاراستنی هەسارەکەمان لەپێناو نەوەکانی داهاتوو.

٢

بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لە کۆمەڵگادا

لە کاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە تەندرووستی و هاوسەنگی ژیانیی ئێستا و داهاتوومان، لە ئێستادا گرنگترین شت ئەوەیە سەرنجی کۆمەڵگەکان ڕابکێشین بۆ ئەم کێشەیە کە بەتەواوی تەنگی پی هەڵچنیوین. لە ڕێکخراوی هەسار، ئێمە درکمان بەوە کردووە کە زیادکردنی تێگەیشتنی خەڵکی بەرامبەر بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا و دەرئەنجامەکانی، هەوێنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و گۆڕانکاری کاریگەرە. هەر لەبەرئەوەشە ئامانجی دووەممان دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ خەڵکیدا، ئەمەش بە ئەنجامدانی کۆمەڵێك چالاکییەکیی جۆراوجۆر لەناو خەڵکیدا، لەوانە وۆرکشۆپ، سیمینار، هەڵمەتی گشتی و هەروەها دیجیتاڵ میدیاوە. بە هاوکاری کۆمەڵگا، دەتوانین ئاستی هۆشیاری بەرز بکەینەوە و هەوڵەکان ڕووبەڕووبونەوەی کەشوهەوا بەرەوپێش ببەین. پێکەوە، دەتوانین زەوییە خراپبووەکان بگەڕێنینەوە و داهاتوویەکی سەقامگیرتر بۆ هەمووان بنیات بنێین.

٣

بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا

گۆڕانی کەشوهەوا قەیرانێکی جیهانییە کە دەرەنجامی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و گازە گەرمخانەییەکانی دیکەیە بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی. ئەنجامەکەشی پەنگخوارنەوەی وزەیە لە بەرگەهەوای هەسارەکەماندا، کە سەردەکێشێت بۆ کۆمەڵێک کاریگەری فراوان، لەوانە، گەرمبوونی زەوی و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا. ئێمە لە ڕێکخراوی هەسار،ئەو ئەرکەمان لە ئەستۆی خۆمان ناوە تا ئاماژە بە گرتنەبەری ڕێوشێنی خێرا و بەپەلە بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. پێمان وایە دەتوانرێت لە ڕێگەی چەندین ڕێگەی جیاوازەوە چارەسەری گۆڕانی کەشوهەوا بکرێت، لەوانە، گلدانەوەی کاربۆن، کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، گونجاندن و کەمکردنەوە. لە کاتێکدا کە ئێمە شایەتی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی گۆڕانی کەشوهەواین لەسەر ناوچەکەمان، خۆمان تەرخانکردووە بە دۆزینەوەی باشترین چارەسەرەکان و گرتنەبەری هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ پاراستنی هەسارەکەمان و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەمووان.

٤

دروستکردنی تۆڕی گەنجانی ژینگەیی

بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی سیستەمی ژینگەیی پێویستی بە بیرۆکەی داهێنەرانە و بەشداریکردنی هەمووان هەیە، بەتایبەتی گەنجانی بەهرەدار و پڕوزەی کۆمەڵگاکانمان. لە ڕێکخراوی هەسار، ئێمە درک بە گرنگی ڕۆڵی گەنجان دەکەین لە بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتردا. هەر بۆیە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانمان پەرەپێدانی سیستەمێکی ژینگەییە کە پشتگیری توانای گەنجان بکات بۆ ئەوەی بەشێک بن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و نۆژەنکردنەوەی سیستەمی ژینگەیی. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، ئێمە سیستەمی بەڕێوەبەریی (هایبرید) و دوورمەودا بەکاردەهێنین کە ژینگەیەکی پاڵپشت بۆ گەنجان دابین دەکەن بۆ ئەوەی بەشداری ئەرکەکانمان بکەن و بەهرەکانیان دەربخەن. لە هەسار، ئێمە باوەڕمان بە هێزی نەوەی داهاتوو هەیە بۆ دروستکردنی جیهانێکی باشتر. هەروەها پابەندین بە برەودان بە توانا و بەشداریکردنی گەنجان لە هەوڵەکانماندا بۆ پاراستنی هەسارەکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو.

٥

هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان

بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ئاڵنگاریەکی جیهانییە کە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری بەکۆمەڵ هەیە. لە ڕێکخراوی هەسار، ئێمە درک بە گرنگیی کاری هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانە دەکەین. بە پێکەوە کارکردن دەتوانین هەوڵی زیاتر بدەین بۆ پاراستنی هەسارەکەمان و بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر. هەر بۆیە ئامانجی پێنجەممان دروستکردنی هاوبەشیی و بەستنی پەیوەندییە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی کۆبیرمان بخەینە سەر ئەم پرسە گرنگە. لە هەسار، ئێمە خۆمان تەرخان کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەڕێگەی هەماهەنگی کاری هاوبەشەوە کە بتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ دەستخستنە سەر ئەو ئاریشە سەختانەی کە دەرەنجامی گۆڕانی کەشوهەوان. پێکەوە دەتوانین گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دروست بکەین و کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەسارەکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێبهێڵین.

 

وەرگێڕان: بەڵێن ئدریس ئەحمەد
پێداچوونەوە: عەلی یاسین